سەندیكای پارێزەرانی كوردستان

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، رێكخراوێكی پیشەییی دیموكراتی سەربەخۆیە تایبەت بە پارێزەرانی هەرێمی كوردستانە كە كاری ئەو پارێزەرانە رێك دەخات لەچوارچێوەی یاسای پارێزەرانی هەرێمی كوردستان ژمارە 17 ساڵی 1999ی هەمواركراو كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە  لەگەڵ ئەو رێنماییانەی كە بۆ ئەو مەبەستە دەری دەكات.

 

دامەزراندن و پێكهاتە

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لە ساڵی 1993 دامەزراوە و پێنج لقی لە پێنج شاری كوردستان لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك، هەڵەبجە) هەیە و نزیكەی 8000 هەزار پارێزەر (ئەندامی كارا) لەژێر سێبەری ئەو سەندیكایە كار دەكەن

 

  پێكهاتەی سەندیكا

ئەنجومەنی سەندیكا كە لە 10 ئەندام پێكدێت و نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان سەرپەرشت و سەرۆكایەتیی و نوێنەرایەتی دەكات. ئەو ئەنجومەنە 11 كەسیە، سێ ساڵ جارێك لەلایەن كۆی ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێن و دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبردنی سەندیكا و ژمێریارییی و كارگێڕی و كۆمەڵێك كاری تر كە یاسای پارێزەرایەتی بۆی دیاری كردوون پەیڕەو دەكات.

 

داراییی سەندیكا

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، خۆبژێویی خۆی دەكات و داهاتەكانی لەرێگای ئەندامەكانی خۆی لە بەشداری ساڵانە، رسوماتی گرێبەست و گۆڕینی دەسەڵاتەكان و گرێبەستەكان كۆدەكاتەوە و خەرجییەكانی مانگانە و رۆژانەی پێ هاوسەنگ دەكات

 

سندووقی خانەنشینی

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەگوێرەی یاسای سندووقی خانەنشینی پارێزەرانی هەرێمی كوردستان ژمارە 18ی ساڵی 1999ی هەمواركراو كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، سندووقێكی تایبەتی بۆ پارێزەران هەیە بەمەبەستی خانەنشین بوونیان، دوای ساڵانێكی زۆری خزمەتكردن، كە یاساكە دیاری كردووە. بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانە پارێزەران بەشداربوونی ساڵانە بۆ سندووقەكە دەدەن.