سەندیکا و پارێزەر

 

مەبەستمە لەو وتارە پێشەکییە، باسى ئەو پلان و بەرنامانە بکەم کە ئێمە وەک دەستەى تازە لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، دەمانەوێت پێشکێشى پارێزەرانى خۆشەویستى بکەین، لەنێویشیان گۆڤارى (پارێزەر)ى ئازیز، کە لەکاتى دامەزراندنى سەندیکاوە هەیە و بۆ دەوڵەمەندکردنى هزرى پارێزەران و یاساناسان و  بەرزکردنەوەى ئاستى یاساییان لە بەردەوامیدایە. ئەمەش دواى چاوەڕوانییەک لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و بە دەستبەکاربوونمان، سەرەڕاى هۆکارەکانى دواکەوتن، کە نامانەوێ باسى بکەین و بۆى بگەڕێینەوە. بەڵام ئاواتى ئەو پارێزەرە خۆشەویستانە هاتەدى، کە چاوەڕێى دەست بەکاربوونمان بوون.
یەکەم پلان و کارمان بریتییە لە رێکخستنى ژمارەى پارێزەران و دانانى فیلتەرێک بۆ وەرگرتنى ئەندامى تازە، چونکە لەماوەى رابوردوو بەهۆى کردنەوەى ئەو هەموو کۆلیژە یاسا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دەرچوونیان، ژمارەیەکى پتر لە پێویستى بوونەتە پارێزەر و ئینتمایان بۆ سەندیکاى پارێزەران کردووە، نەخاسمە لەو دوو سێ ساڵەى دوایى، کە دەرفەتى دامەزراندنیش زۆر کەم بوو لە حوکومەت، بۆیە هەمووان پەنا بۆ پارێزەرایەتى دەهێنن، تەنانەت بەشێکیان لەناچارى.
وەک دەڵێ کە ژمارە زۆر بوو، لەسەر حیسابى کوالێتییە. ئەمە وایکرد ئاستى زانیاریى و پیشەیى بەشێک لە پارێزەران، بەگوێرەى پێویست نەبێت و بەهۆیەوە کێشە دروست بێت و نیگاى نەرێنى لەسەر کۆى پارێزەران وەربگیرێت.
بۆیە لەو سۆنگەیەوە لەسەر دوو تەوەرى سەرەکى کارمان کرد، بۆ ئەوەى بتوانین فلتەرێک بۆ ئەندام بوون دابنێین. تەوەرى یەکەم، هەموارکردنەوەى دووەمى یاساى پارێزەرایەتى لە هەرێمى کوردستان ژمارە 17ى ساڵى 1999ى هەموارکراو. بۆ ئەو مەبەستە چەند دانیشتنێکمان لەگەڵ لیژنەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان و ئەندام پەرلەمانە بەڕێزەکان ئەنجام داوە و پەنا بەخوا هەموار دەکرێتەوە.
لەو هەموارکردنەوەى یاساى پارێزەران، کۆمەڵێک دەسکەوتى باشى بۆ پارێزەرانى خۆشەویست تێدایە، هەر لە رێکخستنى کاروبارى سەندیکا و کارکردنى، دانانى رێوشوێن و رێکخستنى دامەزراندنى کۆمپانیاى پارێزەرایەتى، لەنێو ئەمانیشدا ئینتماى پارێزەران رێک خراوە، کە پێویستە دەرچووى یاسا بەر لە ئەندامبوونى بۆ سەندیکا، خولى ئاماددەکردن ببینێت، کە لەو خولە تەواوى یاسا و ئیتیکى پارێزەرایەتى فێر دەبێت و بە زانیاریى زۆر چاکەوە دەچێتە گۆڕەپانى پارێزەرایەتى.
تەوەرى دووەممان بریتى بوو لە گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و لەوێوە دانانى میکانیزمێک بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى قوتابیانى کۆلیژى یاسا و فیلتەرێک بۆ وەرگرتنى ئەو هەموو قوتابییە.
یەکێکى تر لە بەرنامەکانى داهاتوو، پێدانى لامەرکەزییەت بە لقەکانى سەندیکا لە شارەکان، بۆ ئەوەى بتوانن کاروبارى پارێزەران بەشێوەیەکى خێراتر و گونجاوتر رابپەڕێنن و ببێتە ئاسانکارییەکیش بۆ پارێزەرانى شارەکان بۆ جێبەجێکردنى کار و مامەڵەکانیان.
هەماهەنگى کردن لەگەڵ دەسەڵاتى دادوەرى و دادگاکان یەکێکى ترە لە کارە سەرەکییەکانى سەندیکاى پارێزەران، چونکە پارێزەران دادوەرییى وەستاون و تەواوکەرى کارى دادگایین. هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە دەبێت کە پارێزەران بتوانن کاروبارى دادگاییى بە رێکى بەڕێوە ببن و لەچوارچێوەى یاسا بتوانن مومارەسەى پیشەى خۆیان بکەن.
پارێزەران جگە لە دادگاکان، رۆژانە کارى تر راییى دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە بریکارنامە وەردەگرن و دەچنە فەرمانگە و داو و دەزگاکانى حوکومەت. هەموو تواناى خۆمان دەخەینە گەڕ کە باشترین ئاسانکارى، بەپێى توانا و لەچوارچێوەى یاسا بۆیان جێبەجێ بکرێت.
شکۆى پارێزەر، هێڵى سوورە. لەو رووەوەش هەر رێکارێکى یاسایى پێویست بێت دەیگرینە بەر بۆ ئەوەى شکۆى پارێزەر نەشکێندرێت و هێرشى نەکرێتە سەر، بۆ ئەو مەبەستەش دەرگاى سەندیکا و لق و لیژنەکانمان واڵایە بۆ هەر کردارێکى نەخوازراو کە دژ بە پارێزەران ئەنجام بدرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەوپەڕى خەخت لە پارێزەرانى خۆشەویستیش دەکەینەوە، کە ئیتیک و رەفتارى پیشەى خۆیان بپارێزن و کارێک نەکەن کە لە شکۆى پیشەکە و هاوپیشەکانیان بدەن. بە راشکاوى هەر لادانێک لەو پرنسیپانە و جێبەجێ نەکردنى ئەرکى پارێزەرایەتیى و نەپاراستنى ئاکارى پارێزەرایەتى، بەدواداچوونى بۆ دەکرێت و بەرزەفتیى و سزاى دەبێت.
گۆڤارى پارێزەر، هەروەک لە مانشێتەکەى دا هاتووە، گۆڤارێکى یاسایى وەرزییە. زمانحاڵى زانستیى یاسایى سەندیکایە، دەمانەوێت گۆڤارێک بێت، کە لێکۆڵینەوە و بابەتى یاسایى ناوازەى تێدا بڵاو بکرێتەوە، تا ببێتە سەرچاوەیەک بۆ پارێزەران و گشت ئەوانەى بەدواى بابەتى یاساییەوە پەرۆشن. نامانەوێت گۆڤارێک بێت تەنیا لەپێناو دەرکردن، بەڵکو ببێتە سەرچاوەیەکى مەعریفیى و پارێزەران بەهۆى زانیارییى و هزرى یاساییان دەوڵەمەند بکەن.
هیواخوازین بتوانین لە کار و خزمەتتان بۆ ئەو توێژە گرینگە سەرکەوتوو بین و چاوەڕوانى پاڵپشتى ئێوەین، تاکو بە هەمووان باشترین و چاکترین بەرژوەندییان بۆ بێنینە دى.