چۆنیەتی بە ئەندامبوون و مەرجەكانی كاركردنی پیشەی پارێزەرایەتی

 

ئەندامبوون و پراكتیزەكردنی پارێزەرایەتی:

-         پێویستە ئەو كەسەی ئینتمای سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەكات، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت لە یەكێك لە زانكۆكانی هەرێم، یا هاوتاكەی بەمەرجێك لەئەوەی دواییان، تاقیكردنەوەیەك ببڕێت، كە لەلایەن سەندیكاوە دەكرێت.

-         شیاوی یاسایی (الاهلیة القانونیة)ی هەبێت و هیچ كەموكوڕییەكی لەو بارەیەوە نەبێت.

-         تەمەنی لە پەنجا و پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، مەگەر پێشتر پارێزەر، دادوەر، ئەندامی داواكاری گشتی، مامۆستای زانكۆ بووبێت لە بواری یاسا بۆ ماوەیەك كە لە حەوت ساڵ كەمتر نەبووبێت.

-         دوورنەخرابێتەوە لە سەندیكا و كۆمەڵەی تر بەهۆی سزا و یاخود فەسڵ كرابێت لە فەرمانبەرییەتی گشتیی و تایبەت بەهۆكاری گەندەڵیی و دابی گشتی.

-         خاوەن ئاكار و رەوشتێكی بەرز بێت و جێگای رێزی خەڵك بێت.

-         پێشینەی تاوانی (ناسیاسی) نەبووبێت یا كەتنێكی ئابڕوبەڕ.

-         خانەنشین نەكرابێت لە پارێزەرایەتی.

-         خانەنشین نەبێت لە فەرمانبەرییەتی بەهۆكاری نەخۆشی دەروونیی و ئاوەزی، یا نەخۆشییەك كە نەتوانرێت پارێزەرایەتی بكات، مەگەر راپۆرتێكی پزیشكی لەلایەن لیژنەیەكی پزیشكی پسپۆڕ نەهێنێت كە بیسەلمێنێت چاك بۆتەوە.

 

 

قەدەخەكان:

-         نابێت پارێزەر، پۆستی گشتی هەبێت، بۆ نموونە فەرمانبەری حوكومەت.

-         هەر كاتێك پارێزەر یەكێك لەو خاڵانەی سەرەوەی، كە مەرجی ئەندامبوون و پراكتیزەكردنی پیشەیە لەدەست بدات، مافی پارێزەرایەتی لەدەست دەدات.

-         پارێزەر، كە هاوزەمان ئەندامی ئەنجومەنێكی گشتی وەك پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگا، شارەوانییە، نابێت لەماوەی پۆستەكەی و دوای سێ ساڵیش لە كۆتاییی هاتنی پۆستەكەی، بریكارنامە بۆ خۆی، هاوبەشەكەی یا پارێزەرێك كە لەگەڵی كار دەكات وەربگرێت، دژی ئەو شوێنەی كاری لێ دەكات.

-         پارێزەر كە پێشتر داواكاری گشتی یا دادوەر بووبێت نابێت تا سێ ساڵ دادبینی لە سنووری دادگای تێهەڵچوونەوەی كە كاری لێ دەكات ببینێت.

 

 

دەسەڵاتەكان

پارێزەران لەخشتەی پارێزەران لە سەندیكا بەسەر سێ پۆلین دابەش دەكرێن

 

1.     پارێزەرانی راهێنراو: ئەو پارێزەرانەن كە تازە دەبنە ئەندامی سەندیكای پارێزەران و پێویستە لەماوەی سێ ساڵی لە نووسینگەی پارێزەرێكی راوێژكار ، یا پارێزەرێكی كارا كە پێنج ساڵی خزمەت هەبێت، كار بكات و دەسەڵاتەكانی بەم شێوەیە:

 

أ/ دەتوانێت بریكارنامەی ئەویدی وەربگرێت لە داواكانی مەدەنی و كێشە دادوەرییەكان ئەگەر بڕی بەهای داواكە لە 150000 سەد و پەنجا هەزار دینار زیاتر نەبێت.

ب/ هەروەها بریكار وەرگرتن لە داوای باری كەسی و ئیستملاك كە بەهاكەی هەرچەند بێت.

ج/ بریكار وەرگرتن لە داوای كەتن و لێكۆڵینەوە و بەكارهێنانی مافی تانەگرتن لە بڕیارەكانیان.

د/ بریكار وەرگرتنی مامەڵەی یاساییی لە بەرانبەر فەرمانگەكانی حوكومی و دەزگا كارگێڕییەكان و لیژنە و ئەنجومەنە فەرمییە و نیمچەفەرمییەكان.

ھ/ یاخود پێكەوە لەگەڵ پارێزەرێكی كارا یا راوێژكار بەشداری دادبینی داواكان بێت، كە بەهاكەی هەرچەند بێت.

 

2.     پارێزەری كارا: ئەو پارێزەرەیە كە ماوەی راهێنانی یاسایی و مەرجەكانی تەواو دەكات و ئەو دەسەڵاتانەی خوارەوەی هەیە:

 

أ/ گشت دەسەڵاتەكانی پارێزەری راهێنراو.

ب/ بریكار وەرگرتن و دادبینی لە گشت داوا بەرایییەكان و جەزائییەكان و كار و نەوجەوانان و بەكارهێنانی مافی تانە لێیان.

ج/توانای گرێبەست كردن وەك راوێژكاری یاساییی لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و هەر پڕۆژەیەكی پیشەسازیی یا كشتوكاڵی یا نووسینگەی بەڵێندەرایەتی یا بەڵێننامەی زانستی، هونەری و بازرگانی كە سەرمایەكانیان لە حەفتاو پێنج ملیۆن پتر نەبێت.

د/ رێكخستنی گرێبەستی دامەزراندنی كۆمپانیای نیشتمانی و دامەزراندنیان بەپێی یاسا.

هـ/پێدانی راوێژی یاسایی.

 

 

3.     پارێزەری راوێژكار: ئەو پارێزەرەی كە سێ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی (كارا)ییی تێپەڕ دەبێت و توێژینەوەیەكی یاساییی پێشكەشی ئەنجومەنی سەندیكا دەكات و دوای تاقیكردنەوەی سەركەوتوو دەبێت و دەبێتە پارێزەری راوێژكار و ئەو دەسەڵاتانەی خوارەوەی دەبێت:

أ/ گشت دەسەڵاتێكی یاساییی دەقێندراو لە یاسا.

ب/ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسا و سیستەمی یاساییی و رێنماییی بۆ فەرمانگە فەرمیی و نیمچەفەرمییەكان و كۆمەڵەكان و كۆمپانیاكان لەسەر داواكارییان یا بە گرێبەستێكی پەسەندكراو.

ج/ گرێبەستكردن لەگەڵ لایەنەكانی ئاماژەپێكراو لە خاڵی (ج)ی بڕگەی (2)ی سەرەوە، سەرمایەیان هەرچەند بێت.

هـ/ دامەزراندنی كۆمپانیای خۆماڵیی و بیانیی و لقەكانیان لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها گرێبەستكردن و دانانی وەك راوێژكاری یاساییی بۆتەنیا یەك فەرمانگەی فەرمیی یاخود نیمچەفەرمی، یا تەنیا یەك بانك، بەمەرجێك كارەكەی بریتی بێت لە پێدانی راوێژی یاساییی بەبێ ئەوەی مافی بریكارنامەی دادبینی هەبێت بۆ ئەو لایەنانە لەسەر ئەو داوایانەی كە بەرزی دەكاتەوە یا لەسەریان بەرز دەكرێتەوە.